به‌رپرسی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كه له‌دوای رۆشتنی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ قه‌زای خورماتوو، كوتله‌ی عه‌ره‌به سوننه‌كان له ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو شه‌ش جار داوایان له لایه‌نی كورد كردووه كه له ده‌ست هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌و چه‌كدارانه بیانپارێزن و هێزی زیاتری پێشمه‌رگه ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكه‌ن.
مه‌لا كه‌ریم شكور، به‌رپرسی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، به خه‌ندانی راگه‌یاند: "له‌دوای هاتنی هێزه‌كانی میلیشیا شیعه‌كان بۆ قه‌زای دووز خورماتوو، شه‌ش جار كوتله‌ی عه‌ره‌به سوننه‌كان له ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو داوایان له لایه‌نی كوردی و به‌تایبه‌تیش یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له هێرش و په‌لاماری چه‌كداره شیعه‌كان بیانپارێزن، ئه‌وه‌ش به‌وپیێه‌ی كورد ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌مه له ناوچه‌كه‌دا".
وتیشی: "له رابردووش‌دا لایه‌نی عه‌ره‌بی سوننه له‌و ناوچه‌یه‌دا له بڕیار و مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كاندا له‌گه‌ڵ كورد هاوڕابوون، كه دیارترینیان بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌زای خورماتووه بۆ سه‌ر ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردنی قایمقامی قه‌زاكه و چه‌ندین بابه‌تی تر".
مه‌لا كه‌ریم شكور، باسی له‌وه‌شكرد: "دواجار كه كوتله‌ی عه‌ره‌بی سوننه له ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو داوایان لێكردین، كه وه‌كو لایه‌نی كورد بیانپارێزین، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو 16ی حوزه‌یرانی 2015 بوو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه "په‌یوه‌ندی نێوان حزبه كوردییه‌كان له خورماتوو زۆر باشه و له مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كاندا یه‌كده‌ست و یه‌ك بڕیارین".
به‌رپرسی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتیی، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی پزیشكێكی كورد نه‌بووه، هه‌تا پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی خورماتوو له ئه‌ستۆ بگرێت، زیاتر له ساڵ و نیوێكه ئه‌و پۆسته‌مان به پزیشكێكی عه‌ره‌بی سوننه سپاردووه".
قه‌زای خورماتوو له ساڵی ١٩٧٦ له كه‌ركوك دابڕێنراو خرایه سه‌ر پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ژماره‌ی دانیشتووانی ناوه‌ندی قه‌زاكه نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار كه‌سه، ٥١٪ رێژه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی به ره‌گه‌ز كوردن، پۆسته‌كانی (قایمقام، ئاسایش، سه‌رۆكی شاره‌وانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ڤێتێرنه‌ری و كاره‌با و چه‌ند پۆستیكی تریش ده‌ست كورده‌وه‌ن.


إرسال تعليق